سەردێڕ:

عێراق لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی ئامادەکاری دەکات بۆ رووداوی ئەتۆمی

PM:07:00:18/06/2025

1200 جار خوێندراوەتەوە

دەستەی نیشتمانی بۆ چاودێریی ئەتۆمی و تیشکدانەوەی عێراق دەڵێت، ژووری ئۆپراسیۆنی شانەی قەیرانەکان لەلایەن ژمارەیەک وڵاتى عەرەبییەوە پێکهێنراوە لەپێناو ئامادەباشی بۆ هەر حاڵەتێکی نەخوازراوی ئەتۆمی و بەرەنگاربوونەوەی کاریگەرییەکەی.


ئەمڕۆ چوارشەممە ١٨ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥، دەستەی نیشتمانی بۆ چاودێری ئەتۆمی و تیشکدانەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکیدا بڵاویکردووەتەوە، بڕیاریانداوە بە دروستکردنی ژووری ئۆپراسیۆن (شانەی قەیرانەکان) بۆ پەیوەندیکردنی راستەوخۆ و هەماهەنگی بەپەلە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، لە حاڵەتی تۆمارکردنی هەر گۆڕانکارییەکی نائاسایی لە ئاستی تیشکدانەوە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێرانەوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، پێکهێنانی ئەو ژوورە لە کۆبوونەوەیەکدا بووە لە چوارچێوەی پتەوکردنی هاوکاری و هەماهەنگی هاوبەش بووە لەنێوان دەستەی چاودێرییە عەرەبییەکان لەبواری ئاڵوگۆڕی ئەزموون و بەدەستخستنی ئەوپەڕی ئامادەباشی بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر حاڵەتێکی لەناکاوی ئەتۆمی یاخود تیشکدانەوە.

کۆبوونەوەکە بەسەرپەرشتیی بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی عەرەبی بۆ وزەی ئەتۆمی بەرێوەچووە و هەریەک لە نوێنەرانی دەستەکە لە وڵاتانی ئوردن، لوبنان، یەمەن، کوەیت، لیبیا، بەحرەین، تونس و سودان ئامادەییان هەبووە و توانستی وڵاتانی عەرەبی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخی لەناکاو خراوەتەڕوو.

ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەم هەنگاوەی دەستەی چاودێری لەچوارچێوەی کاری پێکەوەیی وڵاتانی عەرەبییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی کاریگەرییەکانی ئەو هێرشانەی دەکرێتەسەر وێستگە ئەتۆمییەکانی ناوچەکە و دەیانەوێت گرەنتی ئەوە بکرێت کە هاوڵاتیی سڤیل و ژینگە ئاسایشی ئەتۆمی پارێزراودەبن.













گەلەری